ئاهەنگێک لەناو ڕان
ڕێبوار (بە لای ڕانا تێ ئەپەڕێ نزیک بە مێرگی بەھار):
ھەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور
بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور
تا نەگەڕێ مێرگی بەھار
دەم نانێتە ناو دەمی یار!
شوان:
بەڵام منی شای گشت ھەنگی ھەردەی بەھاران،
بۆ بینینم خۆیان ئەگرن ڕێی دەشت نازداران!
سۆزی شمشماڵ ئەخەمە کار دەمی ئێواران:
پۆل پۆل ئافرەت، شیردۆشی جوان، ئەکشێ بۆ ناو ڕان!
ڕێبوار:
ھەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور
بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور
چۆن بە پێی خۆی دێ گوڵی گەش
بۆ لای شوانی کەپەنکڕەش؟
نەک گوڵێک و نەک سیان و چوار،
چەن لە دێدا ھەبێ نازدار؟!
شوان:
کە مۆڵم دا مێگەلی تێر لەسەر سەوزە گیا:
زەردەی ھەتاو ئەگرێتە زێڕ ڕووی دەشت و چیا،
ھەر نازدارە، بۆ ھەڵپەڕکێ جۆشێ لە سەریا،
لە شمشاڵم ئەنێ بە ناز ڕووی نیازی جیا!
ڕێبوار:
ھەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور
بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور
لە ناو دێوە پۆل پۆل نازدار
ئەشێلن سەوزەگیای بەھار
بۆ لای شوانی شمشاڵ پڕ جۆش…
ھەی بەختی باش! ژیانی خۆش!
شوان:
حەڵقەی چۆپی لەسەر فەرشی گیای قەراغی ئاو
لە بەردەمما ھەڵئەپەڕێ گا گورج و گا خاو،
منیش چەشنی پەپوولەیەک گوڵ دایبێتە ناو
کێ زۆر شۆخ بێ لەبەر پێیا ئەوەستم تاو تاو!
ڕێبوار:
ھەنگەزەردە ئەبڕێ ڕێی دوور
بۆ بینینی گوڵاڵەی سوور
ھەر لە دێوە ھەتا ناو ڕان
بە لەنجە دێن شیردۆشی جوان
ھەڵئەپەڕن بۆ شمشاڵژەن
ھەی بەختی باش! ژیانی شەن!
کۆمەڵێ ئافرەت (نەختێک لە دوورەوە):
ھۆ شوانی بەھرەدار! تێخوڕە چاوەڕێین،
ئارایشت تەواوە، ئامادەی ھەڵپەڕکێین!
پەرۆشی ئاوازەی بەسۆزی شمشاڵین،
بێ سیحری فووی دەمت، بەزم و نۆش بەتاڵین،
تێخوڕە، ئامادەین پاداشتی ئاوازە
تێرت کەین لە قووتی دڵ کە جوانی و نازە!
ھۆ شوانی بەختیار! تێخوڕە، درەنگە،
بێ شمشاڵ لە دەشتیش وەکوو ماڵ دڵتەنگە!
تێخوڕە، تێخوڕە،
مێ تێر و گوان پڕە،
کاتی ڕان مۆڵ دانە،
تا بڵێی دەشت جوانە!
لێو بەرە بۆ شمشاڵ،
بە سۆز و ناڵەناڵ
بلەرزێ لەشی کێو!
بجۆشێ دڵی دێو!
نەوەستێ ھەڵپەڕکێ
تا باڕەی بەرگەل دێ!
عبدالله گوران - ئا هه نگیک لە ناو رانعبدالله گوران شیعر ئا هه نگیک لە ناو رانگوران ئا هه نگیک لە ناو ران
0