kod kod
Header

عبدالله گوران – گوڵی خوێناوی

عبدالله گوران – گوڵی خوێناوی

گوڵی خوێناوی

کوڕ:

بڕوانە! شایییە، چۆپییە، لەو ماڵە
گوێ بگرە! زوڕنایە، دەھۆڵە، شمشاڵە!
زەرد و سوور تێکەڵ بوون، ژن و پیاو، ھەرایە
لەو ناوە ھەر ھاڕەی ھەیاسەی تۆ نایە!
سا توخوا خێراکە با بڕۆین دەست بگرین
بە کامی دڵداری پێکەوە ھەڵپەڕین!
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم ئاڵ چەپکێ، زەرد چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ ھەڵپەڕکێ!
کوڕ:
کچ لە ڕێی جوانیتا، کچ لە ڕێی جوانیتا
کچ لە ڕێی نیونیگای ھاتوچۆی کانیتا
پاییزە، گەڵای دار ڕژاوە، باغ ڕووتە
گوڵ کوانێ؟ گوڵ لێوی بە بزە پشکووتە!
کچ:
گوڵ نەبێ بۆ سەرم زەرد چەپکێ، ئاڵ چەپکێ
نایەم بۆ زەماوەن، نایەم بۆ ھەڵپەڕکێ!
بتدایە دڵ بە من، بە ھەموو مەعناوە
دوو چەپکت ئەھانی لە باغچەی پاشاوە!…
کوڕ (ئەڕوا و لەبەر خۆیەوە بە گۆرانی ئەڵێ):
باغچەی پاشا لەوبەر ئاوە
خێڵی دوشمن دەورەی داوە
ئەڕۆم: ڕێگام لێ گیراوە
ناڕۆم: چاوکاڵ لێم تۆراوە!
(بەرەبەرە لە دێ دوور کەوتەوە)

کوڕ:

بە باغچەی پاشادا ورد گەڕام، خوار و ژوور

زەرد ھەبوو، بۆم چنیت، چنگ نەکەوت گوڵی سوور

نازانم ئەمجا دێیت بۆ شایی و ھەڵپەڕکێ؟
کچ:
نایەم، گوڵ ماویەتی بۆ سەرم سوور چەپکێ!
کوڕ (یەخەی مراخانیی ترازان):
ناتەوێ ئەم زامی سەر دڵەم لەباتی؟
کچ:
ھەی ھاوار! تفەنگی دوشمنیش پێکاتی؟
ڕاکشێ تاوێ سەر بنێرە سەر ڕانم؛
با بگریم بۆ دڵێ، بۆ گوڵێ دۆڕانم!

0

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

--- ---- ----