عبدالله گوران – ھەڵبەستی پەشیمان
ھەڵبەستی پەشیمان
کفرە لای من لە یار ڕەنجان
پێی لێ ئەنێم ئەی زوھرەی جوان!
ھەرزەگۆییم کرد ھەرچیم وت،
وا ئەو چڵکەم بە فرمێسک شت،
بە فرمێسکی پەشیمانی،
ئەی زوھرەی ناز، زوھرەی جوانی!
من ژیانم، گیانم، ھەستیم،
ھیوام، تاسەم، شادیم، مەستیم،
بیرم، ھۆشم، ھەرچیم ھەیە
بەھرەی جیلوەی ئەو زوھرەیە
کەڕووی لێ نیشت گەردی شیعرم،
ھەی جوانەمەرگ خۆم! ھەی بمرم!
ئەی ڕووناکیی ڕێی باوەڕم!
خوای بەھەشتی دڵی تەڕم!
قیبلەی عەشقم! ھۆی ئاوازەم!
ھێلانەی ھەڵبەستی تازەم!
چۆن ئەتوانم بڕەنجم لێت؟
ھەی خاک بەسەر! ئینسانی شێت!
تۆ بی زەردەخەنەی چاوت
لێوی بە عاستەم تۆراوت،
تۆ بی سپیەتیی شان و مل
لە عاستی ڕووتی و یەخەی جل
تۆ بی بەستەی ڕۆیشتنت،
لەوحەی ڕەسمی دانیشتنت
تۆ بی بەبینترین نەغمە:
شڵپەی ماچی ئەو ناو دەمە!
تۆ بی ھەموو جیلوە ی جوانیت:
لێم خۆش بە، دڵم ڕەنجانیت!
ئەی زوھرەی ناز! زوھرەی جوانی!
گەردنکەچی چاوەڕوانی
وەستاوم سا دڵم خۆش کە،شیعری پیشووم فەرامۆش کە!
-
قالب : مثنوی
-
گویش : کرمانجی میانه
عبدالله گوران - ھەڵبەستی پەشیمانھەڵبەستی پەشیمان
0