جیلوەی شانۆ
-بۆ پەریی سەما-
لە جەرگی پەردەوە تک تک دڵۆپی عوود ئەڕژا،
بە نووکی تەئسیری
تەرەب ئەھاتە خرۆش، تالعی سروور ئەپژا!
بە ئاھی دڵگیری:
کەمان – شەھیق و زەفیری فریشتەیی ئەلحان –
ئەکەوتە ناو دڵی مردوویش ھەناسەیی ھەیەجان!
نەوایی مۆسیقی،
کە مەخرەجی سیحری
تەلێکە پێئەکەنێ یا کونێکە حوزن ئەگری،
بە سۆزی تەشویقی،
مەتاعیبی گوزەران،
ھێواش ھێواش ئەتکێتە دەروونی نیسیانێک
کە ڕەمزی لەززەتە، میفتاحە بۆ تەلیسمی ژیان،
ژیانی ئینسانێک!
لە پڕ کە باڵی ڕەشی ھەڵبڕی قەلی پەردە:
پەریی جوانی، فریشتەی سەمایی نادیدە،
لە عەرشی شانۆدا
بە عیشوە پەیدا بوو:
نیگاھی مەست وەکوو شوعلەیی ھیدایەتی سەودا
تەبەسسومی موتەوالی شیفای ھیوای مردوو
ئیشارەتی ھەموو نوتقی فەسیح و ئەلحانی
وەکوو کیتابی موقەددەس بڵند و ڕۆحانی!
بە سنعەتێک ئەلەقێ پووزی وەک ستوونی سپی،
وە پێی بچووکی مەھارەت لە ئەردی زەربە ئەدا،
بە دڵ بوایە زەعیف بوو مەتانەتی دنیا
لە ژێریا ئەتەپی!
چ جوان دوو باڵی بلوورین وەکوو لقی مەڕمەڕ
نەرم نەرم ئەلەری،
شەپۆلی لێ ئەوەری
شەپۆلی سنعەت و ئیلھام، شەپۆلی جیلوە و فەڕ!
کە چاوی ئاسمانی
لە بەحری بێ بن و دوڕڕی خەیاڵی بەرز ئەبڕی،
ئەکەوتە لەرزی لەتافەت لەرانەوەی جوانی:
لەشی لە کوڵمەوە تا سنگی نەرم و مەمکی خڕی،
کوڵم کە میوەیەکە ئاڵ و مزری سەرلقی لەش
وە نەرمی سینە کە لانەی خەوێکە یەزدانی
– خەوی عیشق، گڕی عیشقی ھەمیشە گرپە و گەش! –
وە گۆی مەمک کە تەماس و گوشینی وەک دوگمەی
ئەلەکتریک، ئانی
ئەخاتە سەر ڕەگی لەش کارەبایەکی ئۆخەی!
دەمێک ئەبوو بە شنەی با، بە ڕەوتی نەرم و نیان،
دەمێک ئەبوو بە پەڕێکی خەفیفی ئاوریشمین:
بە گەردەلوولێ حەزین
ئەکەوتە بەر جەرەیان بێ قەرار و سەرگەردان!
سەما، سەمای سنعەت:
حەیاتی جوانی، جەمالی بزووتن و گیانی
وجوودی عیشوە و ناز،
لە خواوە بەھرەیەکە پڕ بە پێستە بۆ ئافرەت؛
ئەویش بە سەد ئیعجاز
زیای سروور ئەڕژێنێتە ژینی ئینسانی!
فیدات ئەبم ژنی جوان، ئەی جەمالی سنعەت کار،
بەڵێ! دەلیلی سەعادەت ئەخەیتە پێش ئەنزار،
بەڵام ھەموو تاوێ
دەوام ئەکا… لە پڕێکا وەکوو مەلی ئاوات
کە تۆ فڕییت ھەیھات!
ئەویش لە پەردە ئەپێچرێ، نیشانەیەک، ناوێ
لە تۆ بمێنێ: پەنایە بە خاترەی مەئیووس،
وەلێ لە ئەو، لە سەعادەت: سفر… سفر… ئەفسووس!
عبدالله گوران - جیلوه ی شانوعبدالله گوران شیعر جیلوه ی شانوگوران جیلوه ی شانو
0