زەنگی پەستی
ئەوا دیسان لە گۆشەی نادیاری
دڵم، ھەڵسا زڕەی زەنگی فگاری؛
بە ئەسپایی، بە بێ ھێزی، بە عاستەم،
ھەوای ڕۆحم ئەخاتە سەر لەرەی خەم!
بە ئەسپایی، بە لەرزۆکی، ھەژاری،
ئەناڵێنێ لە شوێنی نادیاری!
زمانێک دێتە گۆ ھەرچەن زڕەی دێ،
کە تێر نابم لە گوێ گرتن بە دوو گوێ!
زمانێک، بەستەیەک، دەنگێک، نەوایەک،
سکاڵایەک، ھەناسە و ئاخ و ئایەک
کە تێی ناگەم، کە نازانم ئەڵێ چی،
بەڵام خوڕخوڕ لە گەڵیا ڕۆحم ئەگری!
چییە ئەی ڕۆحی بێ لێوار و بێ پەی
لە تۆ ناشارەزاییی من ھەتاکەی؟
چییە ئەم دەنگە؟ ئەم ئاوازە دوورە؟
کە پێ ھەڵھێنەری چاوی شوعوورە؟
کە دێ پەستم، کە نایە ئارەزووی دڵ
بە دوویا وێڵ ئەبێ: مەنزڵ بە مەنزڵ!
چییە ئەم زەنگە زرنگەی دێ بە ماتی
کە ژێر تەم کەوتووە شوێنی وڵاتی؟
زه نگی په ستیعبدالله گوران - زه نگی په ستیعبدالله گوران شیعر زه نگی په ستیگوران زه نگی په ستی
0